کوشتنی بەناز دەبێتە زنجیرە درامایەکی تەلەفزێۆنی لەبەریتانیا

From Kurd collect
Revision as of 18:03, 2 October 2020 by Manu (talk | contribs)
Jump to navigation Jump to search

وێنۆک

نوسین و ئامادەکردنی: جوان عومەر ئەحمەد

هەڵوەرینی باڵەکانی فڕینی ژن ئەو کاتەیە کە بە کۆڵانی ئەوینی پیاوێکی تاریکی، نەرجسیی کوڕی جەهلدا رەتدەبێ شکانی گۆزەی ژیانی بێگومان بەدەست دڵیەتی! (کەژاڵ ئەحمەد)


ئازارەکانی ژن بوون لە کۆمەڵگای نێرسالاریدا دە هێندەی ئازاری بێنیشتیمانی دژوارە، لێرەو لەوی زۆر جار گوێبیستی کاریگەری پەروەردە دەبین لەسەر مینتالیتی تاک و تایبەتریش نێر. زۆر جارێش ڕەخنەی توند لە دایکان و خوێندنگەکان دەگیرێت بۆ ئەو جیاکاریە نا تەندروستەی لە پەروەردەی کچیک و کورێک دەیکەن، بە جۆرێک هیچ کام لەم دوو ڕەگەزە فێر ناکرێن ئەرک و بەرپرسیاریەتیان وەک مرۆڤ چیە لەسەر زەوی پێش ئەوەی ڕەگەزیان ببێتە بەربەست لەبەردەمیان. تا دەگاتە ئەوەی کوڕێکی بە ڕواڵەت بە هێز و لە ناخەوە تێکشکاو و بێباوەر بە خۆ و کیژێکی شەرمن، سست و بێهێز دەخاتە کۆمەڵگا، کە هەردوولایان بێ یەک دوو زۆر بە ئاسانی دەکەونە داوە نەخوازراوەکانی ژیان و فریودەدرێن، سەرئەنجام هەریەکیان بە جۆرێک دەبنە قوربانی پەروەردە و ژینگە و کەلتور.

چیرۆکی خۆکوشتن یاخود کوشتنی ژنێک دەکرێت بڵێین ڕۆژ نیە گوێبیستی نەبین بە جۆرێک کاریگەری نێگەتیڤی لەسەر بیرکردنەوەکانی خەڵک دروست کردوە گەر ژنێکی کورد لە هەر شوێنێکی دنیا و بە هەر ڕوداوێک گیانلەدەست بدات، بێ گەڕان و بەدوادا چوون بیر لە دروستکردنی سینارێۆیەک دەکەینەوە بۆ پەردەپۆشکردنی تاوانی کوشتنی لە ژێر بیانوی شەرەفدا.

من ناچمە ناو باسی شەرەف پێم وابێت زۆرێک لە کەسانی پسپۆر لەو بوارەدا ئەم باسەیان دەیان جار شیکردۆتەوە، تەنها خاڵێک جێی هەڵوێسەتەیە لێرەدا کاریگەری پەروەردە ناتەندروستە لەسەر دایکان و باوکان و نەبوونی مەودایەکی فراوانە بۆ چارەسەی کێشەکانی خۆیان و خێزانیان هەتا سەرئەنجام چیرۆکی نەخوازراوی ئاوای لێ دەکەوێتەوە، کە ئەویش دیسانەوە هەر وەکو پەروەردە دوو لایەنەیە، لایەک ئەو کەلتورەی دایکێک بێدەنگ دەکات لە ئاست کوشتنی جگەرگۆشەکەی کە زۆر باش دەزانێت خۆشەویستی تاوان نیە! ئەو پەروەردە نێرسالاریەی وای لە دایکێک کردوە کە بە پۆشاکی پیاوانەوە و لە پێناو مانەوەی کەرامەتی خۆی کە دەڵێت (شەرەف) کچەکەی بخاتە ژێر حوکمی بەردی نێرێک بی ئەوەی بتوانێت بڵێت نەخێر! لە لایەکی ترەوە باوکێک کە بە هەموو تواناکانیەوە ئامادەکاری ئەکات بۆ پەروەردەو پاراستنی جگەرگۆشەکانی، هەمانکاتیش دەیکاتە دڕندەو دەستی ئەچێتە ڕۆحی ڕۆڵەکەی. حەتمەن چەپڵەی کۆمەڵگاو ئافەرینی کەلتوور و کەمتەرخەمی یاساش پشکی شێریان لەم جۆرە کەیسانەدا بەردەکەوێت.

تراژیدیایی مەرگی کچێکی نیشتیمانەکەم لە شانشینی یەکگرتوو (United kingdom)دەبێتە هەوێنی نووسینی پەرتووکێک و دواتریش زنجیرە درامآیەکی تەلەفزێۆنی لە یەکێک لە کەناڵەکانی ئەو وڵاتە کە بڕیارە شەوی سێشەمە ڕیکەوتی 29-09-2020 لە کەناڵی (ITV) پەخش بکرێت.

کورتەیەک لە چیرۆکی بەناز مەحمود و تاوانە گەورەکەی بەرامبەری کرا:

بەناز محمود بە رەچەڵەک کوردە و لە دایکبووی شاری سلێمانیە، لە سەرەتای تەمەنیدا لەگەڵ خێزانەکەی ڕوو لە وڵاتی بەریتانیا دەکەن و لە شاری لەندەن لە ناوچەی میتشام(Mitcham) کە دەکەوێتە باشووری لەندەن جێکەوت دەبن، لە سەرەتای لاویدا بە فەرمانی باوکی بە زۆر بە شوو دەدرێت. پاش ماوەیەکی کەم جیادەبێتەوە، پاشان پەیوەندی خۆشەویستی لە گەڵ لاوێکی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی (ڕەحمەت سلێمانی) دەبەستێت، (ڕەحمەت) لاوێکی تەمەن 28 ساڵی دانیشتوی لەندەنە پەیوەندی سۆزداری لەگەل بەناز هەیە. خێزانی بەناز بەمە ڕازی نابن دەکەونە دژایەتی و فشار خستنە سەر ڕەحمەت بۆ ئەوەی دەست لە بەناز هەڵگرێت. ڕەحمەت بە هیچ شێوەیەک ئامادە نیە دەستبەرداری عەشقەکەی بێت بۆیە چەند جارێک هەوڵی رازیکردنی خێزانی بەناز دەدات وەلێ هەوڵەکانی بێهودە دەبن. لە بەرامبەردا بەناز چەند جارێک گوێی لێبوە ئەندامانی خێزانەکەی لە دانیشتنێکی مشتومڕئامێزی خێزانیدا باسی پلانی کۆشتنی دەکەن و بە کچێکی سەرکێش ناوی دەبەن، تەنانەت باسی کوشتنی خۆشەویستەکەیشیان کردوە. پۆلیس نامەیەکی دەستنوسی بەنازی دەستکەوتوە (پاش تاوانەکە) کە تێیدا ناوی ئەو پیاوانەی ئاشکراکردوە کە ئامادەکراون بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانە. چەندین جار باوکی بەناز هەڕەشەی کوشتن لە بەناز دەکات بۆیە بەناز زیاتر لە 5 جار سکاڵا لای پۆلیس تۆمار دەکات و رایدەگەیەنێت کە مەترسی لەسەرە و لەژێر فشاری توندی باوک و مام و ئامۆزاکانیدایە.

پاش ئەوەی پۆلیسی لەندەن سەردانی ماڵی باوکی بەناز دەکەن و گوێبیستی خێزانەکەی دەبن وا تێدەگەن کێشەیەکی بچوکە و هیچ ڕیوشوێنێکی ئەمنی بۆ پاراستن و دورخستنەوەی بەناز ناگرنەبەر. هەتا لە شەوی 24-01- 2006 بەناز بە شێوەیەکی ژڕندانە لە لایەن باوکی بە ناوی مەحمود بابەکر و مامی بەناز بە ناوی ئاری و ئامۆزایەکی بە نای دانا، بەناز لەماڵی خۆیاندا ئەشکەنجە دەدەن و پاشان دەیخنکێنن وەک مامی لە دان پێدانانەکەیدا باسی دەکات دەڵیت؛ بەناز لە کاتی ئەشکەنجەدا چەند جارێک هەوڵی خۆ دەربازکردنی داوەو زیاتر لە 5 خولەک پەتەکەمان لە ملیدا توند کرد هەتا گیانی دەرچوو. پاش ئەم تاوانە قێزەوەنە باوک و مامی بەناز جەستەی بەناز بێ بەزەیی دەئاخننە ناو جانتایەکی گەشت و دەیبەن لە لە باخچەی ماڵێک لە گەڕەکی(Alexandra Road) لە ناوچەی هاندۆرس(Handsworth) لە شاری بێرمینگهام کە نزیکەی 2 کاژمێر لە لەندەن دوورە، حەشاری دەدەن. هەر لە پاش ئەنجامدانی تاوانەکە تاوانباران دەگەڕێنەوە باشوری کوردستان و لە شاری سلێمانی دەبن هەتا کاتی پشکنین و ووردبینیەکانی پۆلیس یەک لا دەبێتەوەو دەیانگەڕێننەوە. مەخابن بەناز بوو بە قوربانی توندوتیژی خێزان و کەلتوور و کەمتەرخەمی یاسا، لە دوای وون بوونی بەناز خوشکەکەی بە ناوی بیاز و خۆشەویستەکەی سکاڵا تۆمار دەکەن بۆ بزربوونی بەناز، پۆلیسی (Metropolitan Police) دەکەوێتە پشکنین. لێکۆلەوەری بە ناوبەنگی بەریتانیا و شاری لەندەن کارۆلین گۆد (Caroline Goode) کاری بە دواداچون و دۆزینەوەی تاوانباران دەگرێتە ئەستۆ.

کارۆلین یەکێکە لە لێکۆلەوەرە (Detective)بە ناوبەنگەکانی وڵاتی بەریتانیا و ناوچەی لەندەن کارۆلین ماوەی 33 ساڵە کار لە بەدواداچونی تاوانی کوشتنەکان دەکات لە شاری لەندەن و بە یەکێک لە لێکۆلەوەرە ژیرەکان دەناسرێت هەتا ئێستا پەردەی لەسەر زیاتر لە 100 تاوانی کوشتنی لاداوە و تاوانبارانی ڕادەستی یاسا کردوە. کارۆلین لە ساڵی 2012 خەڵاتی شاهانەی شانشینی (the Queens Policing Medal) پێبەخشرا لەسەر لێکۆڵینەوەو دۆزینەوەی تاوانبارانی کەیسی بەناز مەحمود.

پاش سێ مانگ گەڕان و لێکۆڵینەوە پۆلیس توانی تەرمی بەناز لە جانتایەکدا لە شاری بێرمینگهام بدۆزێتەوە بەمەش ڕووداوەکە میدیاکانی وڵاتی بەریتانیای هەژاند و کوشتنی بەناز بوو بە مانشێتی زۆرینەی ڕۆژنامەکانی ئەو وڵاتە. لە سیپتەمبەری ساڵی 2020 کەناڵی ئایتیڤی ئەم چیرۆکە تراژیدیە و هەموو بابەتەکانی لێکۆڵینەوە لەو تاوانە دەکاتە درامایەکی تەلەفزیۆنی و ناوی دەنێت شەرەف (honour)!

درامای شەرەف کە بڕیارە لە شەوی 29-09-2020 پەخش بکرێت، ئەکتەری بەناوبانگی بەریتانی کەیلی هاویس ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت، وەک لێکۆلەرەوە لە کەیسی بەناز، واتا ڕۆڵی کارۆلین گۆد(Caroline Goode) بەرجەستە دەکات.

کەیڵی هاوێس (Keeley Haews) لە دایک بووی 10-02-1976 شاری لەندەن و دەرچوی پەیمانگای شانۆی سیلڤیایی شانۆییە (Sylvia Young Theatre School)سەرەتای کاری هونەری لە ساڵی 1998 بوو لە چەند درامایەک لەوانە (Our Mutual Friend) چەندین کاری تری دراما و شانۆ. کەیلی لە ماوەی کار کردنیدا چەندین خەڵاتی بەدەست هێناوە لەوانە ساڵی 2008 بووە بە خاوەنی خەڵاتی (Glamour Best UK Television Actress Award) دواتر خەڵاتی باشترین ئەکتەری بۆ درامای (Crime Thriller Awards) بەدەست هێناوە. وەک خۆی لە لێدوانێکی بۆ کەناڵی BBC دەڵێت؛ شەرەفێکی گەورەیە من ڕۆڵی سەرەکی ببینم لە چیرۆکێکی گەورەی وەک کوشتنی بەناز، لە کاتێکدا هەتا ئێستاش ڕۆژانە لە شوێنی جیاوازی دنیادا ژنان دەکوژرێن لەژێر بیانوی شەرەفدا. وێنۆک|درامای شه‌ره‌ف درامای شەرەف (Honour) باس کە تاوانی کوشتنی بەناز مەحمودی کورد دەکات خاتوونە ئەکتەری بەریتانی کەیلی کە کە ڕۆڵی لێکۆلەوەری بەناوبانگی بەریتانی کارۆلین گۆد دەبینێت، بە ووردی هەموو بەدوادا چونەکانی ئەم کەیسە بەرجەستە دەکات و تاوانباران دەدۆزێتەوەو ڕادەستی پۆلیسیان دەکات. لەم درامایەدا بە ووردی باس لە چیرۆکی وون بوون و تاوانی کوشتن و دۆزنەوەی تاوانباران دەکرێت، هەروەک لە میدیاکاندا بڵاو دەکرێتەوە خوشکەکەی بەناز بە ناوی بیاز ڕەخنەی توندی هەیە لەسەر دراماکەو، بە پاڵەوانزانی بۆ دەزگا ئاسایشیەکانی لەندەنی ناوزەند کردوە، هەروەها لە چاوپێکەتنێکیدا بۆ کەناڵی بیبیسی(BBC) دەڵێت بە بروای من ئەم درامایە ڕیز لێنان نیە لە چیرۆک و قوربانیەکانی بەناز بەڵکو تێکەڵ کردنی چەند کەیسێکە و بە پاڵەوانکردنی دەزگا ئەمنیەکانە. نوسەری سیناریۆکە (ڤینای باتیل) دەڵێت نوسینی ئەم چیرۆکە توشی شۆکی کردم لە هەمان کاتدا هەستم بە تاوان دەکرد لە ئاست کەم تەرخەمی دەزگا ئەمنی و پۆلیسیەکانی لەندەندا کە نەیان توانیوە ژیانی بەناز بپارێزن لە پاش 5 جار سکاڵا کردن.

پاش کوشتنی بەناز مەترسی گەورە لەسەر ژیانی ڕەحمەت سلێمانی دەبێت بۆیە ماوەیەکی زۆر لە ژێر چاودێری پۆلیسدا بە نهێنی ژیان دەکات وەلی پاش دە ساڵ لە کوشتنی بەناز و لە ساڵی 2016 لە ماڵەکەی خۆیدا بە خنکاوی دەدۆزرێتەوە، هەتا نووسینی ئەم بابەتە ئەم باسە لە ژێر لێکۆلینەوەدایەو نەزانراوە خۆکوشتنە (Suicide)یاخود تاوانی کوشتن. بە پێی سەرچاوە فەرمیەکانی دادگای لەندەن لە دوای ساڵێک لە تاوانەکە تێوەگلانی 5 خزمی بەناز بەم کەیسە بە فەرمی دەناسێنێت, لەوانە ئاری ئاغای مام و ئامۆزاکانی بە ناوی محەمەد ساڵح و عومەر حسێن و دانا ئەمین. لە 20-07-2007 تاوانباران ئاری مامی بەناز 23 ساڵ زیندانی و باوکی بەناز بە ناوی مەحمود بابەکر 32 ساڵ و دانا ئەمینی ئامۆزای بەناز 20 ساڵ و محەمەد ساڵح 21 ساڵ زیندانی سزا دراون.

شایانی باسە کوشتنی ژنان لەژێر بیانوی جیاوازدا نەک تەنها پەرتوکێک و درامایەک ناتوانێت باسیان بکات بگرە لە زۆربەی کۆمەڵگا مامناوەندەکاندا بوە بە کێشەیەکی ترسناک کە پێویستە یاساکانی مافی مرۆڤ بە شێوەیەکی جدی هەڵوێستەی لەسەر بکەن، بڕوانە لە ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزاندا لە کوردستان، ئاماژە کراوە کە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2020 زۆرترین ئافرەت لە هەولێر سکاڵایان تۆمارکردووە کە هەزار و 287 سکاڵا بووە، دواتر دهۆک 981 سکاڵا، سلێمانی 925 سکاڵا، گەرمیان 323، راپەڕین 162 و سۆرانیش 91 سکاڵا تۆمار کراون. لەبارەی حاڵەتەکانی کوشتن و خۆکوشتن و خۆسووتاندنی ئافرەتانیشەوە لەماوەی ئەم شەش مانگەدا، تەنیا یەک ئافرەت لە هەولێر و دوو ئافرەتئش لە دهۆک کوژراون. لە هەولێر 3 ئافرەت خۆیان کوشتووە و 9 ئافرەتیش خۆیان سووتاندووە، لە دهۆک 7 ژن خۆیان کوشتووە و 11 ژنیش خۆیان سووتاندووە. لە سلێمانی دوو ژن خۆیان سووتاندووە، لە راپەڕین ژنێک خۆی کوشتووە و یەکێکیش خۆی سووتاندووە، لە سۆران 2 ئافرەت خۆیان کوشتووە و 3 ژنیش خۆیان سووتاندووە، بەڵام لە گەرمیان هیچ حاڵەتێکی خۆکوشتن و خۆسووتاندنی ژنان تۆمار نەکراوە.

سەبارەت بە دەستدرێژی سێکسی، هەولێر لە پلەی یەکەمدایە و 14 حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی تۆمار کراون، لە دهۆک 11 حاڵەت، لە سلێمانی 7 حاڵەت و لە سۆرانیش 3 حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی تۆمار کراون. ئەم ئامارە تەنها مشتێکە لە خەروارێ، کارەساتی کوشتنی ژنان لەژێر چەتری شەرەف کارەساتێکی گەورەیە و دیسانەوە دەیڵێمەوە یەکەم هەنگاومان بۆ ڕۆشنکردنەوەی ڕێگا تاریکەکان تەنها پەروەردەیە![1]


سەرچاوەکان

ئاوێنه‌ ڕاپۆرتێکی کەناڵی دنیا (تفاصیل مروعە لجریمە الشرف الکردیە فی لندن Honour: Achieving Justice for Banaz Mahmod ڕاپۆرتی توندوتیژی دژی زنان.. کوردیپیدیا